وینه ی چاره سه ری کیمیایی

Date

شێرپەنجە دەستەیەک لە نەخۆشیەکانە کە دەبێتە هۆی گەشەی ناسروشتی خانەکانی جەستە. ئەم خانانە توانای ئەوەیان هەیە لە شوێنەکانی دیکەی جەستەدا بڵاو ببنەوە یا هێرشیان پێ بکەن. لە ئەنجامدا پۆلێک لەو خانانە گەشەیەکی ناسروشتی دەکەن و پێشیان پێ ناگیردرێ. سەرنجام دەبێتە گرێیەکی تۆمۆری. ئەم تۆمۆرە دەتوانێ بە هەموو ئەندامەکانی جەستەدا تەشەنە بکات.


چەندین شێوازی چارەسەریی بۆ شێرپەنجە لە ئارادایە. کیمیاتراپی و ڕادیۆتراپی شێوازی باو و بڕانەوەی شێرپەنجەیە. بەکارهێنانی تێکڕای ئەو دوو شێوازە لەو نەخۆشانەی کە نەخۆشییەکەیان لەو پەڕی خۆیدایە، شێوازی باشترین و کاریگەرترینە. کاری ئەم دوو شێوازە ئەوەیە کە ئەو خانانە وا بەخێرایی زیاد دەبن، دەیان¬ڕووخێنێ. ئەڵبەت ئەوە بزانین کە لە ئەنجامی ئەم دوو شێوازە چارەسەرییەی شێرپەنجە هەندێ زیانی لاوەکی بەر جەستە دەکەوێ. بەگشتی ئەو خانانەی کە زیاتر لە ژێر کاریگەری ئەم چارەسەرییانەدان بریتین لە خانەکانی ئێپیتلیال و خانەکانی خوێن¬سازی کرۆکی (مێشک) ئێسکەکان. زیانە لاوەکیەکان زیاتر لە ئەندامەکانی سەر و مل خۆیان دەر ئەخەن. جا شانەی کۆندامی ناودەم بە جۆرێکە کە خانەکانی خێراتر زیاد دەبن. کاتێ لەو شوێنە خانەکانی شێرپەنجە هێرشیان دەکرێتە سەر و دەڕووخێن، جەستە ناتوانێ دەستبەجێ خۆی نۆژەن بکاتەوە. هەر بۆیە زیانە لاوەکیەکان لە بەشی سەر و ددان زیاتر ئاشکرا دەبن.


ئەم گۆڕانکاریانە لە کاتی چارەسەرکردن و پاش ئەویش خۆیان دەر ئەخەن. لەوانەیە زۆر توند یا کەم بن. لە دۆخی توند و مەترسیداردا لەوانەیە تا ماوەیەکی درێژ ئەو نیشانانە بمێننەوە و نەخۆش لە ئازار و ناخۆشیدا بێ، بەڵام لە دۆخی کەمدا پاش چارەسەریی نیشانەکانیش کۆتاییان پێ دێ. ئاستی ئەو زیانە لاوەکیە پێوەندی هەیە بە ڕێژەی دەرمانەکە لە کیمیا¬تراپی و ئەندازەی تیشکی ڕادیۆتراپییەکە. ئەمانەیش بۆخۆیان پێوەندییان هەیە بە جۆری خانە شێرپەنجەییەکان و ڕێژەی جیاوازییان و شوێنی کۆبوونەوەیان، ئەندازە و هەلومەرجی گشتی تۆمۆرەکە، بوون یا نەبوونی مێتاستاز، توانستی خۆڕاگری نەخۆشەکە و …


لە درێژەی باسەکەدا ئەپەردەژینە سەر زیانی لاوەکی هەر دوو شێوازی سەرەوە سەبارەت بە ناودەمی نەخۆشەکان:

١- مۆکۆزیتی ناودەم: بریتیە لە هەوکردنی پەردە و پێستی ناودەم. بەشێوەی برین و هەوی کەناڵی هەرس لە قوڕگەوە دەست پێ دەکات. خۆی بە برینی سوور و هەوێکی گەرم پیشان ئەدا. لە هەفتەی یەکەمی پاش چارەسەر خۆی دەر ئەخات و ٢ تا ٤ هەفتە پاش چارەسەر تەواو دەبێ. لەو ماوەیەدا نەخۆش هەندێ کێشەی لە خواردن و قووتدان و قسەکردندا بۆ دێتە ئاراوە. بۆ چارەسەری ئەمە دەبێ نەخۆش خۆی بپارێزێ لە خواردن و خواردنەوەی شلەمەنی و چێشتی گەرم و تیژ و ترش و تاڵ. چێشت و خواردەمەنی نەرم و شل بخوات. هەتا ئەتوانێ فرچەی نەرم و ماجوومی بێ ئەلکەحۆل و بێ ئەسانسی تیژ و تاڵ بەکار بهێنێ بۆ خاوێنکردنەوەی دەم و دیانی. تا وەکوو زەمینە خۆش نەبێ ناودەمی ببێتە شوێنێکی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی چڵک و هەو. ئەگەر نەخۆش تاقمەی ناڕێک و ناجێگیر بەکار بهێنێ، برینی ناودەمی زۆرتر دەبێ. کەواتە دەبێ تاقمەکانی جارێ لا ببات. ئەگەریش تاقمەی بەکار هێنا بەردەوام بە مادەی دژەگەن بیشۆرێ تا میکرۆبی نەخۆشیەکانی تێدا کۆ نەبێتەوە. ئەڵبەت دەکرێ بۆ کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆش لەو شوێنە پژانەی لیدۆکائین یا شرووبی دیفن¬هیدرامینی پێ بدرێ، بیخوات.


2. هەوکردنە باوەکان: وەک دەزانین ناودەمی مرۆڤ شوێنێکە پڕە لە میکرۆبی جۆراوجۆر. ئەم میکرۆبانە لە بارودۆخی هێمن و نۆرماڵ و تەندروستی جەستەدا، جێی مەترسی نیین و کاری خۆیان دەکەن. پاش چارەسەری کیمیا¬تراپی و رادیۆتراپی ئەو میکرۆبانە کەشی لەباریان بۆ دەڕەخسێ کە گەشەی زیاتر بکەن و ببنە بن مەترسی. لە پێشدا گوتمان خانەکانی ناودەم زووتر وە بەر کاریگەری لاوەکی دەرمانەکان دەکەون و دیوارەکەیان دەڕووخێ. هەروەها زۆربەی خانەکانی بەرگری لەش بەهۆی ئەو دوو شێوازە چارەسەرییەوە کاریگەری لەسەر خانەکانی دروست کردنی خوێن دادەنن و کۆندامی بەرگری لەش وەک جاران چالاکی نامێنێ و بەکتریا و کەڕوو و ڤایرۆسە زیانبەخشەکان لەسەر خانەکانی ئەو شوێنانە سوار دەبن و نەخۆشی دیکە دروست دەکەن. لێرەدا دەبێ پزیشک پشکنینی بۆ بکات و دەرمانی خۆی دابنێ بۆ نەخۆشەکە.


3. کەمبوونەوەی چالاکی سەرچاوکەی لیک و وشکبوونەوەی ناودەم: تیشک و دەرمانەکان توانایی ئەوەیان هەیە کە لەسەر سەرچاوەی لیک کاریگەری خراپیان بێ یا لەناویان ببەن. لە ئەنجامدا لیک و تفی کەم ئەدەڵێت و دەم و لێو و زمان وشک دەبێتەوە. ئەم وشکبوونەوەیە دەرەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی بۆگەندبوونی ناودەم و پیسبوونی قوڕگ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دیکە و هەو و ڕزانی دیانەکان. پزیشک دەبێ لێرە دەرمانی وا دابنێ کە ئەو سەرچاوانەی لیک وا ماون هەستیار بن و لیکی زیاتر بدەڵێنن تا ئەم کێشانە چارەسەر بن. دەکرێ مژمژەی ترش و شیرین و بابەتی وا بەکار بهێندرێ. ئەڵبەتە ئەگەر ناودەم بریندار نەبێ ئەوا خواردنی لیمۆی ترش لیک زیاد دەکات.


4. تريسمۆس: یەکێک لە زیانە لاوەکیەکانی بەکارهێنانی تیشک ئەوەیە نەخۆش بە چاکی زاری بۆ ناکرێتەوە. چونکە ماسوولکەکانی لاشەویلکەی تووشی گیران دەبن و جووڵەیان کێشەی تێ دەکەوێ. تریسمۆس دەتوانێ لەسەر نان خواردن، قسە کردن و ڕەچاو کردنی تەندروستی دەم و دیان کاریگەری دابنێ. دانانی ئاوی گەرم لەسەر دەم و ددان دەتوانێ سوودبەخش بێ و ئەگەریش ژانی هەبوو ئەوە دەرمانی ئازارشکێن بەکار بهێنن. 


5. کەمبوونەوەی سۆمای چاوان: بەرکەوتنی سەر و مل بەهۆی تیشک و کاریگەری دەرمانە کیمیاویەکانی لە هەر دوو شێوازی چارەسەری ناوبراودا دەبێتە هۆی ڕووخان و مراندنی هەندێ سەرچاوەی بینین و نەخۆش تووشی بینایی کەم دەبێ.


6. ئێستئۆڕادیۆنێکرۆز: نێکرۆزە و زەردبوونەوە و ڕەشبوونەوەی کرۆکی ئێسکەکان کە بەربەست دروست دەکات بۆ گواستنەوەی خوێن، ئەمە نەخۆشی ئێستئۆڕادیۆنێکرۆزەیە. لە هەندێ شێرپەنجەکان، نەخۆش دەبێ لە ڕێگەی دەمارەوە دەرزی بیس¬فۆسفۆناتی لێ بدرێ کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەو کێشانە لە کرۆکی ئێسکی لاشەویلکەکانی. ئێش، ئاڵۆزی لە هەستەکان، هەو و گیرانی دەم و ددان نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەیە. سەرەتا دەبێ ئێشی نەخۆش چارەسەر بکرێ و ئەگەریش نەبوو ئەوە بەشی مردووی ئێسکەکان کە خراپ بوون نەشتەرگەری بکرێن. 


هەموو بابەتەکانی سەرەوە دەبێ بە چاوەدێری پزیشک ئەنجام ببێ تا دەرمانی پشتیوان و چارەسەرساز و کەمکردنەوەی ژان ببێتە هۆی تێپەڕاندنی قۆناغەکانی نەخۆشییەکە.


Michael Glick. Burket’s Oral Medicine 12ed

دوکتر په ریسا حه یده ری

More
articles

small_c_popup.png

welcome to

Alphadent

Select your language

this selection may affect content or shopping from Alpha Dent.