بابەت: ڕەشبوونەوەی دیان
سەرچاوە: کتێبی زانستی و هونەری چاک¬کردنی دیان
دوکتر میلاد سەبری پور
ڕەشبوونەوە و نەخۆشی هەوی دیان توانایی گواستنەوەی هەیە کە بەهۆی پێوەندی چڕوپڕی فلۆرای بەکتریاکانی دەم (بایۆفیلم) لەگەڵ ترشانی خۆراکی کاربۆهیدراتی دیوی ڕواڵەتی دیانەکان لە درێژەی ڕۆژگاردا دروست دەبن. ڕەشبوونەوەی دیان ڕەوتێکی ئاڵۆزە و تەنیا ئەوە نییە کە سێ فاکتەری ڕووکاری دیان، فلۆرای بەکتریای دەم و ترشانی کاربۆهیدرات لە ئارادا بوو ئەوە دیان ڕەش دەبێتەوە، بەڵام تا ئەوانە نەبن دیان تووشی ئەو ڕەشبوونەوە و خراپبوونی پێکهاتەییە نابێ.
مێکانیزمی ڕەشبوونەوە:
بەکتریاکانی فلۆرای ناودەم خۆراکی کاربۆهیدراتی دەترشێنن. ترشەلۆکی بەرهەم¬هاتوو لە ئەندامی دەم و دیان کە ماوەیەکی زۆر لەوێ دەمێنێتەوە PH بایۆفیلمی بەکتریاکان تا ئاستی قەیران دادەبەزێنێ. لەو ئاستە قەیرانیەدا مادە کانزاییەکانی کالسیۆم و فۆسفۆری ددان بۆ خۆڕێکخستن لەگەڵ PH ترشی بایۆفیلمی بەکتریاکان دەست بە توانەوەی خۆیان دەکەن (دێمینرالیزەیشن). لە ئەنجامدا پێکهاتەی دیان دەست بە داڕووخان دەکات. ئاستی PH بۆ مینای دیان 5/5 و بۆ کرۆکی دیان ٢/٦ دانراوە. ئەڵبەت کاتێ PH بایۆفیلمی بەکتریاکان دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ناوەڕاست (PH=7) کالسیۆم و فۆسفاتی ناودەم خۆیان دەگەیننە دۆخی پڕی و دیسانەوە ڕەوتی ڕێمینرالیزەیشن بۆ نۆژەنکردنەوەی دیان دەگەڕێتەوە. کەواتە ڕەشبوونەوەی ڕووکار و ناوەوەی دیان ڕەوتێکی چالاکە و هەمیشە دێمیرالیزەیشن و ڕێمینرالیزەیشن لە ژێر کاریگەری چەند هۆکارێک لە ڕۆژێکدا چەند جار ڕوو ئەدات. جا لەم گۆڕانکارییە ئەگەر تای ترازووەکە بە لای دێمینرالیزەیشندا بکەوێ ئەوە مینا و کرۆکی دیان کونیان تێ دەبێ و ڕەش دەبنەوە.
نیشانەکانی ڕەشبوونەوەی دیان
• ڕەنگی مینای دیان ڕەش و بۆر دەبێتەوە
• ڕووکاری دیانەکە لە پشکنینی یەکەمدا کێشەی نییە، بەڵام ئەگەر ڕووی دیانەکە وشک بێ ئەوا خاڵی سپی دەر ئەکەوێت
• کونبوونی دیانەکە لە شوێنی ڕەشبوونەوەکە
• بریسکە پێدا هاتن یا هاڵبوونەوەی دیان لە کاتی نان خواردن بەتایبەت بە خۆراکی سارد و گەرم
• بۆگەندبوونی زار
• کاتێ دیان لەسەریەک دادەنێ، ژانی هەیە
بەکتریاکانی دروستکردنی ڕەشبوونەوەی دیان:
ئەگەرچی بۆ ڕەشبوونەوە پێویستە سێ هۆکاری سەرەکی لە کەشی دەم و دیاندا هەبێت، بەڵام گرینگ-ترین هۆکار لەو ڕەشبوونەوەیە هۆکاری بوونی بەکتریایە. بەکتریاکانی ناودەم توانای ئەوەیان هەیە خۆیان بلکێنن بە ڕووکاری دیانەوە. ئەڵبەت ژمارەیەکی کەم لە بەکتریاکان دەتوانن ئەو کارە بکەن. بەکتریاکانی بنەماڵەی ئێسترپتۆکۆک توانای ئەو خۆلکاندنەیان بە دیانەوە هەیە. بەگشتی لە دۆخی سروشتی و تەندروستدا جەماوەری بایۆفیلمی دیانەکان بە جۆرێکە کە بایۆفیلمی ئێسترپتۆکۆک سانگویس و ئێسترپتۆک میتیس لە زۆرینەدان.
شوێنە باوەکانی دیان کە تووشی ڕەشبوونەوە دەبن:
• ڕووکاری ئێکۆلۆزاڵ: هەمان بەشی جوونی دیان کە زیاتر بەشی ڕووی دیانە
• ناوبەندی دیان: هەمان ناوبەینی دیانەکان
• بناغەی دیان: هەمان شوێنی لکانی دیان بە پووکەوەیە
جیاوازی خاڵە سپیەکانی ڕووی دیان و قۆناغە سەرەتاییەکانی ڕەشبوونەوەکە خاڵە سپییەکانی ڕووی دیان هەمیشە بە چاو دەبینرێن. عەیبی ئەو خاڵانە تەنیا لە ڕووی جوانکاری دیانەکانەوەیە، بەڵام بۆ قۆناغەکانی سەرەتایی ڕەشبوونەوە کە ڕێک لەو خاڵە سپییانە دەچێ تەنیا کاتێ ڕووی دیان تەڕ نەبێ و لە دۆخی وشكیدا بێ، دەبینرێ.
ئەو هۆکارانەی ڕەشبوونەوەی دیان زیاد ئەکەن:
• ڕەچاو نەکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی دەم و دیان
• نەخۆشی شەکرە
• کەمی فلۆراید لە خۆراک و ئاوی خواردنەوە
• بەکارهێنانی خۆراکێ کە کاربۆهیدراتی زۆری هەیە و زووتر ئەترشێ وەکوو شێر، شەکری سپی و … • بەکارهێنانی خۆراکێ کە زۆرتر بە دیانەوە دەلکێ وەکوو چوکلێت، هەنگوین و …
• بەکارهێنانی هەندێ دەرمان وەکوو سەمپاتۆمیمتیکەکان کە دەبنە هۆی وشکبوونەوەی ڕووی دیان
• نەخۆشی سێندرۆمی شۆگرێن
• بەکارهێنانی جگەرە و نێرگەلە
دەوری لیکی دەم بەرامبەر بە ڕەشبوونەوەی دیان:
لیکی دەم هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەشبوونەوەی دیان. لیک و تفی دەم دەتوانێ بەکتریاکانی ڕووی دیان بسڕێتەوە، چالاکی دژەبەکتریایی ڕاستەوخۆ دەکات بەهۆی ئەنزیمەکانی ئاگلۆتینین، ئامیلاز، لاکتۆفێرین و کاکتۆز پراکسیداز) و نۆژەنکردنەوەی دیان کرداری ڕیمینرالیزەیشن ئەنجام ئەدات. کەواتە دەڵاندنی لیک بۆخۆی پێش بە ڕەشبوونەوە دەگرێت. ڕێژەی لیک لە ماوەی تەمەن و کاتی ڕۆژانەدا جیاوازە. بۆ نموونە لە تاکێکی گەنج لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەم یەک تا یەک و نیو لتر لیک ئەدەڵێنێ. لە کاتی خەودا ئەم ڕێژەیە کەمترە و زۆرترین ڕێژەی هی کاتێکە زار خۆراک دەجووت یا بەهۆی خواردنێکەوە دەجووڵێ.
دەوری ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان لە پێش گرتن بە ڕەشبوونەوە:
لیکی دەم دەتوانێ تا ڕادەیەک ژەنگ و سۆنەی بەکتریایی سەر دیانەکان بسڕێتەوە. نابێ تەنیا دڵخۆش بکەین بە لیک و گرینگی بە تەندروستی دەم و دیان نەدەین. فرچەکێشانی دیان دەتوانێ ژەنگە بەکتریاکانی ڕووی دیان لا ببات کە هۆکاری سەرەکین لە ڕەشبوونەوە، بەڵام فرچە ناتوانێ ناوبەینی دیانەکان خاوێن بکاتەوە و هەمیشە زۆرترین ڕەشىبوونەوەیش لەو شوێنانەیە. کەواتە بەکارهێنانی دەزووی دیان بۆ ئەو خاوێنکردنەوەیە پێویستە.